بۆ شۆڕشگێری سه‌ركرده‌ شه‌هید هه‌ڵمه‌ت

22 ژوئی 2019 دوشنب

هه‌ڤاڵی نه‌مرمان شه‌هید هه‌لمه‌ت به‌ تێگه‌یشتنێكی گه‌وره‌ له‌ رێبه‌ره‌كه‌ی هه‌موو كاتێك به‌ مۆراڵ و دڵخوشێك مه‌زن بیست و چوار كاتژمێر خه‌ریكی تێكۆشانی بێ كوتا بوو، هیوای ئازادی له‌ناو چاوكانی بریقه‌ی ده‌دا ...


مێژوویه‌ك زیندوو بوو و له‌ خاكی ئورفادا سه‌ری هه‌ڵدا و ریشه‌كانی بڵاو كرده‌وه‌ و هه‌موو كوردستانی گرته‌ به‌ر. هه‌ر منداڵێك كه‌ له‌ دایك بوو هه‌ستی به‌و ڕاپه‌رینه‌ كرد و چاوه‌كانی بریقه‌ی هیوای تێدا بوون. هه‌ر گه‌نجێك له‌ ئاستی تێگه‌یشتندا بوو و له‌ناو ده‌ماره‌كانیدا بانگی وڵاتپارێزی به‌رز ده‌بویه‌وه‌.

له‌ وڵاتی ئێمه‌دا زۆر چیروكی ئه‌فسا‌نه‌ و قاره‌مانێتی هه‌یه‌ و باسی راستی كورد و كوردستان ده‌كه‌ن؛ باسی شۆڕشگێڕانی مه‌زن و سه‌ركرده‌كان، و پاراستنی خاك و سه‌رنه‌دانه‌واندنی تێدایه‌؛ باسی ئازادی ژیانێك ده‌كرێت كه‌ دایك ـ ژنی كورد تیایدا سه‌روه‌ر بووه‌ و دادپه‌روه‌ری پایه‌دار.

به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ هه‌مووی له‌ناو رۆح و فكر، فه‌لسه‌فه‌ و مێشكی رێبه‌ری مرۆڤایه‌تی و مێژوو، ئازادی و یه‌كسانی راسته‌وخۆ به‌دی ده‌كرێن. ژنانی شۆڕشگێڕ و قاره‌مانانی وه‌كو زیلان، بێریتان، سه‌ما، سارا، ڤیان، كه‌مال، خێری، مه‌زڵوم، زه‌كی شه‌نگالی و هه‌زاران شه‌هید و شۆڕشگێڕانی مه‌زنی وه‌كوو ئه‌وان تا ده‌گاته‌ شه‌هید هه‌ڵمه‌ت كاروانی شه‌هیدان له‌ رێگادا بووه‌ و ده‌بێت. ئه‌و قاره‌مانگه‌له‌ی كه‌ به‌ فكر و فه‌لسه‌فه‌ و ئایدیۆلۆژیای ژیانی ئازاد گه‌وره‌ بوون و په‌روه‌رده‌ی رێبه‌ری ئازادییان بینی و بوون به‌ ئه‌فسانه‌ له‌ناو ژیاندا؛ بوون به‌ مامۆستا له‌ناو مێشكی گه‌لی كورد؛ بوون به‌ دادپه‌روه‌ری و په‌یا‌مبه‌ری فكر و فه‌لسه‌فه‌ی ئازادی رێبه‌ری گه‌لان رێبه‌ر ئاپۆ؛ بوون به‌ شمشێری توڵه‌ بۆ ناو چاوی دوژمن، ترس و خۆفی فكر و تێكۆشانیان، گه‌وره‌ترین چه‌ك بوو له‌ به‌رامبه‌ داگیركه‌ران.

هه‌ڤاڵی نه‌مرمان شه‌هید هه‌ڵمه‌ت به‌ تێگه‌یشتنێكی گه‌وره‌ له‌ رێبه‌ره‌كه‌ی هه‌موو كاتێك به‌ مۆراڵ و دڵخۆشییه‌ك مه‌زن بێوچان خه‌ریكی تێكۆشان بوو و هیوای ئازادی له‌ناو چاوكانی بریقه‌ی ده‌دا. توڵه‌ی ئه‌نفاڵ و هه‌ڵبجه‌ی به‌ په‌روه‌رده‌كردنی گه‌ل و دامه‌زراندنی سیستمی دیموكراتیك له‌سه‌ر بنه‌مای ‌فكر و فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپو له‌ دوژمنانی ده‌كرده‌وه‌. رۆژانه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردنی گه‌نجان له‌سه‌ر مێژووی كوردستان و خه‌بات بۆ ئازادی تۆڵه‌ی له‌ سیستمی پڕ له‌ ژه‌هری سه‌رمایه‌داری ده‌كرده‌وه‌. شۆڕشگێڕی مه‌زن رۆژانه‌ به‌ خه‌باتی بێ كۆتایی خۆی گه‌وره‌تر له‌ كه‌سانی له‌ناو ئه‌فسانه‌كان داستانی ئازادی ده‌نوسی ، ئه‌و خه‌یاڵ نه‌بوو به‌ڵكو هه‌موو گه‌لی كوردستان بووه‌ شاهیدی ژیان و تێكۆشانی.

دوژمنی داگیركه‌ر به‌ شه‌هیدكردنی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت ناتوانێ كۆتایی به‌ كه‌سایه‌ته‌ مه‌زنه‌كان بهێنێت. چونكه‌ هه‌ر یه‌ك خوێندكارانی شه‌هید دیار غه‌ریب ده‌بن به‌ هه‌ڵگری چه‌كه‌كه‌ی و به‌رده‌وامی به‌ كار و خه‌بات و تێكۆشانی ده‌ده‌ن. شه‌هید و شۆڕشگێڕی مه‌زن ده‌یزانی كه‌ ئه‌گه‌ر له‌و رێگاپیرۆزه‌دا شه‌هید بێت، فكر و  فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی ئازاد به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌تایبه‌ت باوه‌ڕی به‌ یه‌كسانی نێوان مرۆڤ بوو كه‌ ساڵانی درێژ سیستمی پیاوسالاری له‌یه‌ك جیای كرده‌وه‌و و وه‌كو ره‌گه‌زی یه‌كه‌م و دووه‌م له‌ قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی شكاند و مرۆڤایه‌تی كه‌ له‌ ژن و پیاو پێك دێت زیندووی كرده‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ شه‌هیدی مه‌زن هه‌وڵدانی‌ تایبه‌ت و تێكۆشانێكی مه‌زنی ده‌كرد بۆ ناساندنی مێژووی ژن به‌ تایبه‌تیش مێژووی ژن له‌ كوردستاندا. هه‌ر بۆیه‌ هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت تێكۆشانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌ڕێوه‌ی ده‌برد و یه‌ك له‌و شۆڕشگێڕانه‌ بوو كه‌ گه‌وره‌یی خۆی له‌ بیر و دڵه‌ مه‌زنه‌كه‌یدا بوو و تا دواڕاده‌ دڵنزم بوو.

بۆ باشووری كوردستان زۆر به‌ هه‌ست و سۆز بوو و له‌ هه‌موو ئازاره‌كانی گه‌ل و ژنان و گه‌نجان و به‌تایبه‌ت خاكی پیرۆزی خیانه‌ت لێكراو تێده‌گه‌یشت. له‌وه‌ زیاتریش بۆ هه‌موو پارچه‌كانی كردستان و گه‌له‌كه‌ی به‌ سۆز بوو. هه‌ر بۆیه‌ به‌ بێ جیاوازی خه‌بات و تێكۆشان ده‌كرد.

هه‌ر چه‌نده‌ باسی شۆڕشگێڕی مه‌زن بكه‌ین نابێته‌ چركه‌یه‌ك له‌ تێكۆشانی ئه‌و. چونكه‌ به‌ ده‌ستی خۆی توانی له‌ناو مێشك و دڵی گه‌لی كورد و كوردستان ناوی خۆی بنوسێت و ببێته‌ یه‌ك له‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵگرانی فكری رێبه‌ر ئاپۆ.

شۆڕشگێڕی مه‌زن زۆر به‌رهه‌می فكری خۆی به‌جێهێشت كه‌ له‌ ئاینده ده‌بن به‌ بنه‌ما بۆ‌ په‌روه‌رده‌كان. هه‌روها به‌رده‌وام به‌رهه‌می پێشكه‌ش به‌ "ئه‌كادیمیای زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌ڵان" ده‌كرد.

رۆژی 5/7/2019 به‌ هێرشی فرۆكه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك شۆڕشگێری مه‌زن، دیار غه‌ریب ناسراو به‌ هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت له‌گه‌ڵ دوو هه‌ڤاڵی تر به‌ ناوكانی "شاهین دیجله‌" و "ده‌وران سه‌رحه‌د" له‌ قه‌ندیل شه‌هید بوو. شه‌هید نامرن.